شاعیر: بەختیار زێوەر
کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر
سەرناو: لە حەسرەتی قەدەمی بەهار گوڵی وشکی ئەرز ژیایەوە

لە حەسرەتی قەدەمی بەهار گوڵی وشکی ئەرز ژیایەوە
لەبی غونچە و گوڵی یاسەمین بە قدوومی بەهارە گەشایەوە

بە تەبەسسومی ڕوخی نازەنین کەژی خەفەت و مەرارەتی دڵ
وەکو بەفری شاخە بڵندەکان بە هەتاوی بەهار دەتوایەوە

کەڕەتێ لە چەمەن نەزەرم ئەکردە گوڵ و لە بولبول و عیشقیان
هەچی بولبولە لەباتی گوڵان بە تەغەننییان ئەخولایەوە

چ مەنازیرێکی عەجەب لەتیفی هەبوو لە بەری بەیانییا
قەدی گیا بە چەشنی ڕوو زوڵفی یار بە نەسیمی سوبح ئەگەشایەوە

بە نیگای سرووری شەواهید و تەبەسسومی لەبی ئاڵی دۆست
کەمەری ئومێدی ڕەقیبی بەد وەکوو جیم و نوون ئەچەمایەوە

لە بەهاری پڕ فەرەح و سرووری وەها کە عالەم بێ غەمە
بەشی من کە فایقی زێوەرم لە غەمی زیاد چ نەمایەوە